بەشێوەیەکی گشتی دڵنیایی جۆری لە سێ پرۆسەی سەرەکییدا خۆی دەبینێتەوە ، کە ئەو پڕۆسانەش بریتین لە:

**١- (CAD): زانستخوازی بەردەوام-Continue Academic Development**

**٢- (TP): هەگبەی مامۆستا-Teacher Portfolio**

**٣- :(STF) فیدباکی قوتابییان-Student Feedback**

ڕێنمایی و پڕۆسەکانی دڵنیایی جۆری ساڵانەیە و تەنها ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە ، کە بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرایان هەیەو هەڵگری نازناوی زانستین و لە دەوامی فیعلیدان لە زانکۆ.

### تەوەرەی یەکەم: (CAD) زانستخوازی بەردەوام:

سەبارەت بە هەژمارکردنی چالاکییەکانی زانستخوازی بەردەوام (CAD) مامۆستایان زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر ساڵی خوێندن ٢٠١٨-٢٠١٩ بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

#### بڕگەی یەکەم/ جۆری چالاکی زانستی:

##### ١- ئامادەبوون لە سیمینار لە بەش/کۆلێژ/لە هەرشوێنێک/:

بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاستی زانستی و بەشداربوون لە چالاکییە زانستیەکان ، پێویستە مامۆستا بەشدار بکات لەو سیمینار و وێرکشۆپانەی کە لە کۆلێژی تایبەتمەند پێشکەش دەکرێت. و ئەگەر بۆی بکرێت ئامادەی ئەو سیمینار و وێرکشۆپانەش بێت کە لەبواری تایبەتمەندی تایبەتی و گشتیەتی لە دەرەوەی کۆلێژ ئەنجام دەدرێت لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە ، بۆ ئامادەبوون لە هەر سیمینارێک (١) خاڵ هەژماردەکرێت. بۆ یەک ساڵی هەڵسەنگاندن لە پڕۆسەی دڵنیایی جۆری تەنها (٥٠) ئامادەبوون هەژماەدەکرێت واتا (٥٠) خاڵ. وئەم خاڵانە خاڵی ناکاران.

##### ٢- پێشکەش کردنی سیمینار لە بەش/کۆلێژ/لە هەرشوێنێک/:

ئەنجامدانی سیمینار لەلایەم هەرمامۆستایەک بە مەرجێک لە بواری تایبەتی خۆی بێت بۆ هەر سیمینارێک (٣) خاڵ هەژمار دەکرێت. تا ڕادەی (٥ سیمینار) لە ساڵێکی هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری. بەڕە چاو گرتنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

أ- ناو و ناوەڕۆکی سیمینارەکان دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ پسپۆڕی گشتی پسپۆڕی وردی مامۆستاکە.

ب- ماوەی سیمینار نابێت لە (١٥ خولەک) کەمتر بێت، دوی سیمینارەکە دەرگای گفتوگۆ دەکرێتەوە.

ج- دەبێت سیمینارەکان لەڕێگەی داتاشۆ پێشکەش بە ئامادەبووان بکرێت، و پرزنتەیشنەکان بە شێوەی زانستی دروست کرابن.

د- پێشکەشکردنی سیمینار بۆ تۆمارکردنی توێژینەوەی زانستی و بەرزکردنەوەی پلەی زانستی، هیچ خاڵێک هەژمار ناکرێت.

##### ٣- پێشکەش کردنی سیمینار پەیوەند بێت بەتوێژینەوەی بڵاوکراوە، یان پەسەندکراو بۆ بڵاوکردنەوە:

ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە توێژینەوەی زانستی بڵاودەکەنەوە لەو گۆڤارانەی کەوا (DOI) یان (DOAJ) هەبێت یاخود نەبێت، کاتێک مامۆستا سیمیناریان بۆ ئەنجام دەدات کە تێیدا باس لە گرنگی و ناوەڕۆکی توێژینەوەکە دەکات (٥ خاڵی) بۆ هەژمار دەکرێت.

##### ٤- پێشکەش کردنی سیمینار پەیوەند بێت بەتوێژینەوەی بڵاوکراوە، یان پەسەندکراو بۆ بڵاوکردنەوە:

ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە توێژینەوەی زانستی بڵاودەکەنەوە لەو گۆڤارە ڕەسەنانەی کەوا (Impact Factor) هەیە بەمەرجێک لەناو لیستی سکوپەس یان کلارڤێد بیت، کاتێک مامۆستا سیمیناریان بۆ ئەنجام دەدات کە تێیدا باس لە گرنگی و ناوەڕۆکی مامۆستا توێژینەوەکەی دەکات (٦ خاڵ)ی بۆی هەژمار دەکرێت.

##### ٥- بڵاوکردنەوە توێژینەوەکان بەم شێوە دەبێت:

خشتەی ڕونکردنەوەی چۆنیەتی هەژمارکردنی خاڵ بۆ بڵاوکردنوەی توێژینەوە لە گۆڤارە زانستیەکان

| ز بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارە زانستییەکان خاڵ
|—– ————————————————-
|١- DOI نەبێ 3
|٢- DOI یان (DOAJ) هەبێ 6
|3- Impect Factor هەبێت لەناو لیستی سکۆپەس/تۆمسن ڕۆیتەرز(Clarivate) بێت 10
|4- بەدەست هێنانی خەڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەبوونی بەڵگەی لینکی وێبسایت 12
|5- بەدەست هێنانی پاکانەی داهێنان (Panent) 12

#### بڕگەی دووەم: (کۆنگرە/ کۆنفرانس/ وۆرکشۆپ/ خولی ڕاهێنان)

١- پێشکەش کردنی سیمینار لە وۆرکشۆپی ناوخۆیی لەلایەن مامۆستایانی بەڕێز بۆ هەر وێرکشۆپێک (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٢- پێشکەش کردنی سیمینار لە وۆرکشۆپی دەرەوەی وڵات لەلایەن مامۆستایانی بەڕێزەوە بۆ هەر وێرکشۆپێک (٥ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٣- پێشکەش کردنی توێژینەوە لە کۆنگرە و کۆنفراسی زانستی ناوخۆیی لەلایەن مامۆستایانی بەڕێزەوە بۆ هەر توێژینەوەیەک (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٤- پێشکەش کردنی توێژینەوە لە کۆنگرە و کۆنفراسی زانستی دەرەوەی وڵات لەلایەن مامۆستایان بۆ هەر توێژینەوەیەک (٧ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٥- بەشداریکردن بەبێ توێژینەوە لە کۆنگرەو کۆنفرانس و وۆرکشۆپ ناوخۆیی بۆ ‌هەر ڕۆژێک (٢ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت، هەژماری ڕۆژەکان بە پێی ئەو ماوە دەبێت کە لەسەر بەڵگەنامەی بەشداربوون دیاریکراوە. (بە خاڵی کارا هەژماردەکرێت بە مەرجێک وۆرکشۆپ یان کۆنفرانسەکە لینکی هەبێت).

٦- بەشداریکردن بەبێ توێژینەوە لە کۆنگرەو کۆنفرانس و وۆرکشۆپ لەدەرەوەی وڵات بۆ ‌هەر ڕۆژێک (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت، هەژماری ڕۆژەکان بە پێی ئەو ماوە دەبێت کە لەسەر بەڵگەنامەی بەشداربوون دیاریکراوە. (بە خاڵی کارا هەژماردەکرێت بە مەرجێک وۆرکشۆپ یان کۆنفرانسەکە لینکی هەبێت).

٧- بەشداریکردن لە خولی ڕاهێنان، لە ناوخۆدا بۆ هەر ڕۆژێک (١ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت، بەمەرجێ لەهەر خولێک (٧ خاڵ)ی زیاتر بۆ هەژمار ناکرێت و تەنها دوو خول هەژمار دەکرێت.

٨- وانە بێژی لە خولی ناوخۆدا بۆ هەر کاتژمێرێک وانە وتنەوە (١ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت، بەمەرجێ لەهەر خولێک (٧ خاڵ)ی زیاتر بۆ هەژمار نەکرێت و تەنها سێ خول هەژمار دەکرێت.

٩- بەشداریکردن لە خولی ڕاهێنان، لەدەرەوەی وڵات بۆ هەر ڕۆژێک (٢ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت، بەمەرجێ لەهەر خولێک (٨ خاڵ)ی زیاتر بۆ هەژمار نەکرێت و تەنها سێ خول هەژمار دەکرێت.

١٠- وانە بێژی لە خولی ڕاهێنان و کۆنفراسی دەرەوەی وڵات (١٠ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

#### بڕگەی سێیەم: نوسینی (پەرتووک/ وەرگێڕان/ دەستەی نووسەران/ هەڵسەنگێنەران)

١- نووسینی پەرتووک لەلایەن مامۆستا لەسەر داوای زانکۆ بێت وبەپێی فەرمانی زانکۆیی بۆ هەرپەرتوکێک (١٢ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٢- نووسینی پەرتووکی زانستی بەبێ داوای زانکۆ، بەمەرجی پشگیری لیژنەی زانستی بەشی هەبێت (٤ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٣- وەرگێڕان لەسەر داوای زانکۆ بێت و بە پێی فەرمانی زانکۆیی (٨ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٤- وەرگێڕان بەبێ داوای زانکۆ، بەمەرجێ پشتگیری لیژنەی زانستی بەشی هەبێت (٤ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٥- دانانی پەرتووکی زانستی لەدەرەوەی وولات بە پێی بەڵگە (١٠ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٦- دەستەی نووسەرانی گۆڤاری زانستی/ ناوخۆیی بەپێی بەڵگە (١ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکریت، بە مەرجێ لە (٤ خاڵ)ی زیاتر نەبێت.

٧-دەستەی نووسەرانی گۆڤاری زانستی/ دەرەوەی ووڵات بەپێی بەڵگە (٢ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکریت، بە مەرجێ لە (٨ خاڵ)ی زیاتر نەبێت.

٨- هەڵسەنگاندنی توێژینەوەی ناوخۆیی بەمەرجێک خۆی ئەندامی دەستەی گۆڤارەکە نەبێت (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت بۆ هەر توێژینەوەیەک بە پێی بەڵگەی پێویست.

٩- هەڵسەنگاندنی توێژینەوەی دەرەوەی ووڵات بەمەرجێک خۆی ئەندامی دەستەی گۆڤارەکە نەبێت (٤ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

١٠- هەڵسەنگاندنی (زانستی) بۆ پەرتووک یان دانانی یان وەرگێڕان (١٠ خاڵ) ی بۆ هەژمار دەکرێت.

١١-هەڵسەنگاندنی (زمانەوانی) بۆ پەرتووک یان دانانی یان وەرگێڕان (٨ خاڵ) ی بۆ هەژمار دەکرێت.

١٢- هەڵسەنگاندنی (زمانەوانی) بۆ ماستەرنامە یان دکتۆرا (٢ خاڵ) هەژمار دەکرێت.

١٣- هەڵسەنگاندن و سیمیناری هاوسەنگیکردن بۆ نامەکانی لەدەرووەی ووڵات بەدەستهاتوون، بۆ هەر سیمینارێک (٣ خاڵ) هەژمار دەکرێت ، چوونکە بەفەرمانی وزاری ئەم هەڵسەنگاندنە ئەنجام دەدرێت.

#### بڕگەی چوارەم: بەشداریکردن لە (لێژنەکان).

١- بۆهەر لێژنەیەکی تاووتوێکردنی نامەی خوێندنی باڵا / دکتۆرا (٣ خاڵ) هەژمار دەکرێت. پێویستە فەرمانی کارگێڕی هاوپێچ بکرێت.

٢-بۆهەر لێژنەیەکی تاووتوێکردنی نامەی خوێندنی باڵا / ماستەر (٢ خاڵ) هەژمار دەکرێت. پێویستە فەرمانی کارگێڕی هاوپێچ بکرێت.

٣- بۆهەر لێژنەیەکی تاووتوێکردنی نامەی خوێندنی باڵا / دبلۆمی باڵا (١ خاڵ) هەژمار دەکرێت. پێویستە فەرمانی کارگێڕی هاوپێچ بکرێت.

٤- بەشداریکردن لە لیژنەی (بەخشینی نازناوی زانستی ناوەندی ، لیژنەی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی ناوەندی ، لیژنەی هاوتاکردنی بڕوانامەی ناوەندی ، لیژنەی تاقیکردنەوەکان) ، بۆ هەر یەک لەم لیژنانە (١٠ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت. بەمەرجێک کۆی گشتی (٢٠ خاڵ) زیاتر تێپەڕ نەکات.

٥- هەموو لیژنەیەک لەسەر ئاستی: بەش یان کۆلێژ (١ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٦-هەموو لیژنەیەک لەسەر ئاستی زانکۆ، لیژنەی زانستی و خوێندنی باڵای بەش، لیژنەی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی کۆلێژ، لیژنەی دڵنیایی جۆری بەش (٢ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٧- هەموو لیژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵا (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٨- هەموو لیژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی تر (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

٩- لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی زانستی (٣ خاڵ) هەژمار دەکرێت.

١٠- بەڕێوبردنی دانیشتە ئەکادیمی و زانستییەکان (Chairperson) (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت.

#### بڕگەی پێنجەم: چالاکییە زانستی و پراکتیکیەکانی دەرەوەی زانکۆ:

١- سەردانی (حقل) لە بەشی جیۆلۆجی یان شوێنەوار یان سەردانی هاوشێوە. بۆ هەر ڕۆژێک (١ خاڵ) هەژمار دەکرێت، لەساڵێک دا تەنها حەوت خاڵ هەژمار دەکرێت.

٢- بەشداری پاڵەوانی لەسەر زانکۆکان / لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی ، بۆ هەر ڕۆژێک (١ خاڵ) هەژمار دەکرێت و لە ساڵێکدا تەنها (٧ خاڵ) هەژمار دەکرێت.

٣- وتاربێژی نوێژی هەینی لەلایەن هەڵگرانی بڕوانامە لە زانستە ئیسلامیەکان (٤ خاڵ) هەژمار دەکرێت، بەمەرجێک ساڵەکە بەبەردەوامی هەموو هەفتەیەک وتاری هەبێت.

٤-کۆلێژی هونەرە جوانەکان: ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ پێشانگاکان / پێشانگا لە ناوخۆی ووڵات (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت و لە ساڵێکدا تەنها ٣ پێشانگا هەژمار دەکرێت.

٥- کۆلێژی هونەرە جوانەکان: ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ پێشانگاکان / پێشانگا لە دەرەوەی ووڵات (٦ خاڵ) هەژمار دەکرێت و لە ساڵێکدا تەنها ٣ پێشانگا هەژمار دەکرێت.

٦- بڵاوکراوەی وتار و بابەتی زانستی لە ڕۆژنامە وگۆڤارەکان (٢ خاڵ) هەژمار دەکرێت بە مەرجێک لە ٣ بڵاوکراوە زیاتر نەبێت.

٧- سەرپەرشتیاری مەشق و ڕاهێنان (تطبیقات) بەمەرجێک مامۆستای سەرپەرشتیار بۆ ٣ قوتابی کەمتر نەبێت (٣ خاڵ) هەژماردەکرێت.

٨- چاوپێکەوتنی میدیایی: (تەلەفریۆن ، ڕادیۆ ،گۆڤار ، ڕۆژنامە) (١ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت بەمەرجێک لە پسپۆڕی مامۆستا بێت و لە ٧ چاوپێکەوتن زیاتر تێپەڕ نەکات.

#### بڕگەی شەشەم: بەشداریکردن لە پرۆسەی ئۆنلاینکردنی کارەکان:

١- پڕکردنەوەی زانیارییەکان لە پڕۆفایلی ئاکادیمی Profile Site (٢ خاڵ)ی بۆ هەژماردەکرێت ، بەمەرجێک وێنەی خۆی لە سایتەکەی مامۆستا دانرابێت و زانیاریەکانی بەتەواوی پڕکردبێتەوە و وێنەی کەسی دانابێت.

٢- بەشداریکردن لە تۆمارکردن و سایتەیشنی توێژینەوەکان لە Google-Scholar (٦ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت ، بەمەرجێک زانییاریە پێویستەکانی گووگڵ سکۆلارەکەی و ئیفیلەیشنی بەدروستی پڕکردبێتەوە و وێنەی خۆی دانابێت و توێژینەوەکانی دانابێت و لینکەکەی لە پرۆفایلی ئەکادیمی خۆی دانابێت.

٣- بەشداریکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Research-Gate (٣ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت. بەمەرجێک زانیارییە پێویستەکان و ئیفیلەیشنی بە دروستی پڕکردبێتەوە لینکەکەی لە پڕۆفایلی ئەکادیمی خۆی دانابێت.

٤- بەشداریکردن وەک هەڵسەنگینەر لە وێبسایتی گۆڤاری زانکۆی سەڵاحەددین (زانستی یان مرۆڤایەتی) (٢ خاڵ) هەژمار دەکرێت.

٥- بەشداریکردن لە تۆمارکردن و سایتەیشنی توێژینەوەکان لە Modul (٦ خاڵ)ی بۆ هەژمار دەکرێت ، بەمەرجێک بە شێوەی کرداری جێبەجێی کردبێت.