١- ئەو قوتابی / خوێندکارانەی ناوی لەهەر کۆلێژێک یان پەیمانگەیەک دەردەچێت پێویستە لە ماوەی (10) ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی وەرگرتن پەیوەندی بە شوێنەکەی خۆی بکات ، بە پێچەوانەوە هەڵوەشاندنەوەی پاڵاوتنی بۆ دەکرێت و تاکو ساڵی خوێندنی دواتر ناتوانێت پەیوەندی بکات ، و هەروەها ساڵی یەکەمی وەرگیرانی بە کەوتوو بۆ ئەژمار دەکرێت. ٢- هەر قوتابی / خوێندکارێک بە پێی ڕیزبەندی هەڵبژاردنەکانی خۆی لە کۆلێژێک یان پەیمانگەیەک وەردەگیرێت ئەوا بەهیچ شێوەیەک مافی ناڕەزایی نابێت و خۆیان بەرپرسیارن لە هەڵە پڕکردنەوە. ٣- ئەو قوتابی / خوێندکارەی هەر نەگونجان یان هەڵەیەک لە ئەنجامی وەرگرتنیدا هەبوو ئەوا پێویستە سەرەتا وەک هەر قوتابی / خوێندکارێکی تر پەیوەندی بەو خوێندنە بکات کە ناوی تێیدا دەرچوەو پاشان لەماوەی (10) ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی وەرگرتن فۆرمی ناڕەزایی لە مەڵبەندی راوێژکاری پارێزگاکەی خۆی پڕبکاتەوەو دوا وەڵامییان لێ وەربگرێت سەبارەت بە بەردەوام بوونی لەسەر خوێندنەکەی تاوەکو بەرەو ڕووی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەکی یاسایی نەبێتەوەو کە ببێتە هۆی دابڕانی لە خوێندن و هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنەکەی.
گەڕانەوەی پاڵاوتن
ئەو قوتابی / خوێندکارەی کە لە ساڵی خوێندنی (2020-2021) پاڵێورا و بوو بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم ئەگەر پەیوەندی نەکردبێت بە شوێنی وەرگرتنی لە بەر هەر هۆیەک بێت، ئەوا بۆ ساڵی خوێندنی (2021-2022) مافی گەرانەوەی هەیە بۆ هەمان شوێنی پێشووی و ساڵی خوێندنی (2020-2021) ی بە کەوتوو بۆ ئەژمار بکرێت ، بە مەرجێک دانەمەزرا بێت یان لە زانکۆیەکی تایبەت (ئەهلی) وەرنەگیرابێت.
خۆتەرخانکردن بۆ خوێندن
ئەو قوتابی / خوێندکارانەی لە خوێندنی (بەیانیان و ئێواران) لە زانکۆ حکومییەکان وەردەگیرێن پێویستە بەتەواوی خۆیان بۆ خوێندن تەرخان بکەن و پابەندی دەوام بن و ئەگەر قوتابی / خوێندکار فەرمانبەر بوو ئەوا پێویستە مۆلەتی خوێندن بە پێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان وەربگرێت ، وە لەحاڵەتێکدا ئەگەر لە کاتی خوێندندا دامەزرا ئەوا پێویستە خوێندنەکەی دوابخات تاوەکو مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن لێی بەدی دێت.