١- بۆ ئەمساڵی خوێندنیش سیستەمی کریدت (وحدات) پەیڕەو دەکرێت لەسەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان (جگە لە کۆمەڵەی پزیشکی). ٢- لەم سیستەمە ئەژمارکردنی (کریدت) بۆ وانە پەیوەندیدارەکانی هەر بەشێک پەیڕەو دەکرێت ، واتە کۆنمرەی کۆتایی قوتابی/ خوێندکار (%70) ی لەسەر کۆنمرەی پۆلی دوانزە دەبێت و (%30) ی نمرەی لەسەر وانەی پەیوەندیدار بەو پسپۆریەی کە پێشکەشی دەکات ، بۆ نمونە / وەرگرتن لەبەشی ماتماتیک (کریدتی وانەی بیرکاری لە وانەکانی تر زیاتری پێدەدرێت). ٣- ئەم جۆرە وەرگرتنە بە بەرنامەیەکی ئەلکترۆنی لەلایەن وەزارەتەوە ڕێکخراوەو قوتابی / خوێندکار داواکاری خۆی پێشکەش بەو بەش و کۆلێژانە دەکات کە ئارەزوویەتی ، دوای داخلکردنی (ناوی بەکارهێنەر ووشەی تێپەڕ) لەلایەن قوتابی / خوێندکار لاپەڕەیەکی تایبەتی بۆ دەکرێتەوە کە هەموو کۆلێژ و بەشەکانی (زانکۆلاین ، پارالێڵ ، ئێواران) لە خۆ دەگرێت ، واتە قوتابی/ خوێندکار سەرپشکە لە هەڵبژاردنی هەر جۆرە سیستەمێکی خوێندن. ٤- داواکار مافی پێشکەش کردنی بۆ چەند بەش و زانکۆی جیاواز هەیە ، بەمەرجێک لە (50) هەڵبژاردن کەمتر نەبێت ، ئەگەر کەمتر بوو ئەوا پێشکەش کردنەکەی سەرکەوتوو نابێت. ٥- کەمترین کۆنمرەی پێشبڕکێی وەرگرتن بۆ خوێندنی (بەیانیان) بریتی دەبێت لە (%65) بۆ کۆلێژ وە (%60) بۆ پەیمانگە ، جگە لە کۆلێژەکانی (کشتوکاڵ، زانستە ئیسلامییەکان) کەمترین کۆنمرەی پێشبڕکێی وەرگرتن بۆ خوێندنی (بەیانیان) بریتی دەبێت لە (%60) وە بۆ سیستەمی (پارالێڵ) (%55). ٦- دەرچووانی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان ( لقی زانستی و وێژەیی) بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ پێشبڕکێ لە دەرچووانی خولی (یەکەم ودووەمدا) ، هەروەها دەرچووانی ساڵی خوێندنی (2019-2020) کە لە هیج زانکۆیەکی (حکومی و تایبەت) وەرنەگیراون مافی پێشکەش کردنیان دەبێت. ٧- بۆ بەشەکانی (وەرزش ، هونەرە جوانەکان ، خوێندنی ئیسلامی) وەرگرتن بە شێوەی (چاوپێکەوتن و تاقیکردنەوە) دەبێت و بە هەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو لە زانکۆکان ئەنجام دەدرێت.